٥/١١/٢٠١١

ئەنفال


بازرگانی بە تەرم  

هەر سەردەمێ لە ژیانی خەلک خەسلەتی خۆی هەییەو جیادەکرێتەوە لەپێشوی خۆی بە هەندێ شت. جێگەی سرنجە ئەم ماوەییە ژمارەییەکی زۆر لە گۆرەبەکۆمەلەکان هەڵدەدرێنەوە و دەخرێنە بەرچاوی خەلک لەڕێگەی هەندێ لە کەنالەکانی تەلەفزیۆنی کوردستان. لەم بارەوە وێناکردنی وەلامی درووست بۆ پرسیاری ئەوەی کە ئەم گۆڕە بەکۆمەلانە زۆر لەمێژە شوێنەکانییان زانراوە بەلام کەسی بەرپرس یا وەزارەتی پەیوەندیدار زۆر (بەشلۆشۆقی، بە نابەدڵی) ئەم کارەی ڕاپەڕاندووە وەک بڵێی ئەم ئازیزانە بەگوێرەی ئەم بیرۆکەییە هەڵوێستییان گرتبێ، بە قەولی خۆیان: ئێمە وا بە کێشەو گرفتی زندووەکان ڕاناگەین، دەتانەوێ هی مردووەکانیشی سەربارخەین، سەرهەڵدانەوەی گۆڕەبەکۆمەڵەکان چی لە باری مردووەکان ناگۆڕێ. پێش چەند ساڵێ یەکێ لە وەزیرەکان بەپێی خۆی لە بیابانا دەسووڕاوە بە گەسکوو پووش بە پەنجەکانی لمی سەر سەری قوربانییەکانی دادەماڵی، لە ڕەنگەکان ورددەبۆووە. لەشکرێ لە ئالەتوو مەکینەی قۆرتکەری لەدوادابوو، هەر بۆ ئەوەی سەرۆکەکەی دڵخۆشکا، بە موژدەی پڕکردنەووەی باری متوو بەتاڵی کایەی سیاسی و ئیداری لە ولات. بۆ ڕووداوێکی ورووژێنەروو باندەرەوەی ڕووحییەتی سیاسی کۆمەلانی خەلک، هەر بەوە بەرزەفت نەدەبوون لە سەر عەرددا بۆ جۆرێ لە تەرمی دیاریکراو بگەڕێن، لە ئاسامانیش منەی ئەو بەشەدەکرا تا دڵی سوڵتانوو خانەوادەکەی پێخۆشکەن بۆ دەورەییەک هەستی خەلکوو چاوەڕوانییەکانیانی پێ بەنج(سڕ) کەن. جەنابی وەزیر چاوی بۆ نەوعوو ڕەنگێکی دیاریکراو لە قوربانییەکان دەگێڕا، تا لە سۆنگەیدا خەلاتوو بەراتێ مسۆگەرکا، ببێ بە کەسێکی باوەڕپێکراو. ئاشکرایە دەرهێنانی تەرمی قوربانییەکان بەم شێوە ئینتیقائییە، بووە مایەی کولانەوەی ویژدانی خەلک، توڕەبوون لەوانەی کە جیاوازی دەخەنە نێو قوربانییەکان، پۆلینیان دەکەن، کوالیتی دەدەن بە مردووەکان، بە پلەی ( بەرز یا نزم )، ( ڕۆڵەی عەشیرەت یا ڕەشەی خەلک ) جیایان دەکردنەوە. چۆن کاتێ هاوکاری یەکێ دەکەی بۆ سەرکەوتنی شاخێ خۆشت لەگەڵیا بۆ سەرەوە هەڵدەکشێی، بەهەمان شێوەش لە خلۆربوونەوەشدا ڕوو بەرەو چاڵ هەر هاوپێچی یەکتردەبن. بۆیە ئەوانەی پێشڕەوی کۆمەڵانی خەلکن بۆ خۆشگوزەرانی، ئازادی، دادوەری، ڕەوتێکی ڕوولەپێشن، جیان لە ڕەوتی خلۆربوونەوە بەرەو چەقێنی جیاکاری، بیدادی، یاری مەرگوو بەکالاکردنی تەرمی ئەنفالکراوەکان، نزمبوونەوە بۆ ئاستی توندووتیژی و وەشاندنی زەبر. ڕاماڵینێکە ڕووبەرەو ترسوو تاریکی، بێدەنگی و بێ جوڵەیی،  ئەم جولانەوەییە هەمیشە تلاوتپ دەبێتەووە بۆ دوونیای ڕقوو هەڵچوونوو شەڕی بێ ئامان. بۆیە ئەلتەرنەتیڤی هێزی تاریکی و شەوەزەنگ، درۆ، دزی، برسیەتی، وێرانی، نەخوێندەواری لەگەڵ خۆیا دێنێ، تەنانەت سازکردنی دەیان سەرمۆنی مەرگی لەم شێوەییە، دەرهێنانی مردووەکانیش بەم شێوازوو مەبەستە نامرۆڤانەییە،ناتوانێ ببێ بە هاناو کەرەستەی مانەوە، بۆیە باشتروایە گەر نیازی چاکەو دڵسۆزی بۆ خەلک لەئارایە، بەخاکسپاردنی ئەنفالکراوان، پشتگوێ نەخرێ، نەکرێ بە کارتی گەمەو دژ بە خەلکی ئەنفالکراو بەکارهێندرێتەووە. 

ماڵپەڕی هەولێر

ليست هناك تعليقات: