لەیادی داستانی سەری ڕەش
سەید کەمال کاکل قراتەسۆرانی
نەبەردی سەری ڕەش، داستانێکی سەختوو شەڕێکی پارتیزانانەی سەرکەوتووی لەبیر کراوە..لە سەردەمی شۆڕشی نوێدا تاکو کۆی خەلکی بەشدار شانازی بە ڕۆڵی خۆیان دەکەن، بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە بۆ یەکیەتی ئەمڕۆ نایپەرژێتێ و زاتی گێڕانەوەی ئەم مێژووەی نییەو نایخاتە نێو ئەرشیفی مێژوو، بەدیاری کراوی بۆ ئێمەی بەشداری ئەوساو ئێکسپایەری ئەمڕۆ(بەگوێرەی بۆچوونی ئەوان) تۆزێ دڵی پێخۆشکەین. ئاشکرایە کە خەڵکانێ تەمەن، ژیان، هەموو بوونی فیزیکی و ڕۆحی خۆیان لەوپێناوەدا دانا، بەسەخاوەتوو بەخشندەیی لەخەباتێکی تووندوو شێلگیردابوون، هەر لەگەڵ بەهاری ڕاپەڕینی ساڵی ٩١، ئاوابوو ئەو مێژووەش بە دەلاقەی تاریکی بیرچوونەوە سپێردرا، مزاشی باشوو خەراپ، جاشوو پێشمەرگە بوون بە تۆمارێکی کاڵووکرچی نێو کایەی ژیان، لەبەر بەرژەوەندی بنەماڵەیی، شارچێتی، بەخاتری مسۆگەرکردنی پارەو دەستەلاتی زیاتر، جاشوو جاسوس نەما ڕەپێشی خەلکە باشوو بەشەڕەفەکەی نەدەن، هیوادارم لێکدانەوەتان ڕاستبێ و مەبەستم شڕەفی بەشداریی و بەرخودانە لەپێناو ئازادی و سەربەخۆیی. یەک پاکانەم بۆیان هەیە کە ئێمە کەڵکوو بابەتێک نین بۆ ئەوان، ئەوان خەڵکانێکی بڕکاوو کەسایەتی کۆیلەوو بێقڕەو بێ بۆچوونیان دەوێ. بەهەرحاڵ بابێمەوە سەر ناوەرۆکی بابەتەکە، داستانی یەکشەوەی ئازادی سەری ڕەش لەڕۆژی ١٨ / ١ / ١٩٨٨، بەبەرنامەیکی وردوو ڕێک، بەهێزێکی خاوەن ویستی زەربەدان لە حکومەتی فاشی ئەوسا، خاوەن دسپلین، شەڕگە لەنێوان تیپەکان بەشکرابوو، نهێنی شەو ناوی شەهید ( عەلی مەسیفی) بوو، دەمی پەلاماردانیش کاتژمێری ١٢ ی شەو بوو.لەگەڵ سەرماوسۆڵوو سەقەمی ئەو شەوە، بەڵام پێشمەرگەکان زۆر بەورەوو دڵگەرم بوون بۆ ڕووبەڕووبوونەوەو شەڕکردن لەگەڵ دووژمن. لەو هێڵە پەلامارەی بۆ ئێمە دانرابوو شوێنی ڕادار بوو ٢٠ سەربازی عەرەبی تیابوو، لەگەڵ پەلاماری چاوەڕوان نەکراودا کۆتایی بە بەرگری هێزەکانی دوژمن هێنراوو، شەهید هاشم شەمامکی و عومەر ناسڕ سەرپەرشتیان دەکرد وەک فەرماندەی کەرتی ٣ و کەرتی ٦ ی تیپی ٨٧ ی قەرەچوغ. دوای ئەنجامدانی چالاکییەکە، رێگەی گەڕانەوە لەگەڵ ئەوەی ڕوو بەرەو نشێوی بوو لەسەرەتادا، بەڵام بەهۆی باری قوڕسی چەکوو فیشەگوو دەستکەوتەکانی تر، پێشمەرگە هەبوو سێ چەکی هەڵگرتبوو، برسێتی و سەرماو بەفر تاوی بۆ هەمووان هێنابوو، ٦ پێشمەرگە لەم کەشوو زەرفییەتەدا گیانیان لەدەستدا، ناوی سێانم لەیاد ماوە: شەهید جەمالە ڕەش، شەهید وریا برای شەهید ئازاد قولی، شەهید هاشم نادر. بەداوای لێبوردن لە کەسوکاری ئەوانەی کە ناویانم بیرنەماوە لەم هەندەرانە گەلێجار زاکیرەم هاوکاریم ناکات.بەلام لەخوێنەرانی خۆشەویست ناشارمەوە کە ئەوساش هەر خزم خزمێنەو مەسئول پەرستی بوونی هەبوو، ئەوانەی کە نە بریندار بوون نە کەوتبوونە ناو بەفر، هەندێ خۆیان بەوانەوە خەریککردبوو بارسوکیان بۆ دەکردن، ئەوساش دونیا هەر پڕ لەناهەقی بوو، بەلام وەک ئەمڕۆ بەزەقی دیار نەبوو، لەبەر سەختی ژیانوو شەڕوو نەبەردی بەردەوام فریای زۆر شت نەدەکەوتن پێشمەرگەکان.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق