٥/١٩/٢٠١١

سەکۆی ئازادی هەولێر

ڕامانێ لەسەر ڕەوتی تیاژیانی شتەکان


هەڤاڵ سەید حەسەن
haval.1967@gmail.com
١٨/٤/٢٠١١

عەقلی دیکتاتۆر لە گەڵ عەقلی بیرمەندە فرەزانوو خاوەن داهێنانە ئینسانییەکان لە ڕووی قەبارەو پێکهاتەووە هیچ جیاوازییەکی نییە. لەوانەییە هەندێ زانینی هەڵە دەربارەی قەبارەی مێشکی ئینشتاینمان پێگەیشتبێ، بەهۆی شەیدایی و سەراسیمەیی زۆرێ لە خەلک، سەبارەت تیۆرە ڕێژەییەکەی کە زادەی خەباتی زانستی خۆییەتی. لە تێگەیشتنێکی کۆندا، کە پێی ئاشناین: دەخوازێ گەشەی نائاسایی  مێشکی ئینشتاین بکرێ بەبەڵگەی داهێنانوو پێشڕەوییە زانستیەکانی. ئەو تێگەیشتنەی کە توانای عەقلی مرۆڤێکی ئاسایی لاواز دەبینێتەووە، بیردۆزی ڕێژەیی وەک داهێنانێکی بان تواناکانی مرۆڤ سەیری دەکەن. ئەم زانینەش لە جوغزی ئەم پرێنسیپەووە خوێندنەوەی بۆ کراوە کەدێژێ: ئەوەی کێشی زۆر هەڵگرێ دەبێ خاوەن بازوو ماسولکەی بەهێزوو زلبێ، ئینیشتاینیش بە ئەندازەی مەزنی داهێنانەکەی دەبێ خاوەن سەروو کەلەییەکی زلو بێ هاوتابێ. ڕاستیی زانستی زانراو ئەوەییە کە مێشکی مرۆڤ لەیەک دەچێ و تا ڕۆژی ئەمڕۆ جیاوازییەک لە پێکهاتەکانی مێشکی ئەرخەمیدس و فیساگۆرس و ئەنگلس و ڕەمەزانو نادر نییە(١). ئەوەی کە ئەم داتا بایۆلۆجییە جیا دەکاتەوە، چۆنییەتی بەکارهێنانییەتی. وەک ئەوە وایە پێنووس، گێسک، گیرفان، بۆ مەبەستی ماستاو، لێدان، بڕین بەکاربێ. یا بۆ قولکردنەوەی شارەزایی و زانین، ماشینەوەی خاشاک، هەڵگرتنی سپی پارەو ڕەنجی ماندووبوونی ڕۆژ. مێشکی مرۆڤ لەناوەوە، لەزۆر بەشی جیاجیا پێکهاتووە. باسی نیوە ڕاستوو نیوە چەپی مێشکی مرۆڤ، ئەرکوو وەزیفەی هیپۆتەلامۆس و هیپۆکەمپۆس و پێکهاتەکانی تری ئەم  ئۆڕگانە ناوەندوو گرنگە زۆر سرنجڕاکێشە(١) لەبەر ئەوەی مەبەستم لەم نوسینەدا بەراوردی بۆچوونوو تیاژیانی هەمەڕەنگە، نەک فەسلەجەو شیکاری ئۆرگانی مێشکی مرۆڤوو وەزیفەکانی، بۆیە باشترە لەولچکەوە بیگرمە نێوباس کە سودی ئەم باسەی تییایە. وەک زانراوە (ئەمیگدال) بەشێکی باڵکێشە لەمێشکدا بەواتا زانستییەکەی بە مەیدانی شەڕوو هەلاتن، یا پەلاماروو قوچاندن ناسراوە. بەمەزەندەی من بە حوکمی شێوازی ژیانی پڕنەهامەت و تراجیدیا، ڕەچەی قوڵی عەقلییەتی بەربەرەکانی مرۆڤی کورد لەپێناو مانەوە، کە هەمیشە وەک شکارێ خۆی وێناکردووە، دەبێ لە بەرگری هەمیشەیی دابێ، تا خۆی لە سێرەی دوژمن دەربازکا، بەگوێرەی دەرفەتو چۆنو چەندی بارەکە،هەردەم( هێرش، هەڵاتن) دوو هەڵبژاردەی شیان(ئەکتووێل) بووە. هەربۆیە (ئەمیگدال) زۆر ئەکتیڤ و بەگەڕە لەمێشکی زۆرێک لە ئێمەمانان، بەتایبەتی کاتێ باسی شێوازی بەڕێوەچوون، سیاسەت، دەستەلات دێتەگۆڕێ. لە لایەکی تردا، ئەوەی کە زانراوە و بەتاقیکردنەوە سەلمێنراوە( کاتێ یەکێ بە نەزمی هاومرۆڤەکانی دەورووبەری ڕەوتی نەبێ، لەوانەییە هۆکارەکەی ئەوەبێ کە گوێی لە ئیقاعی دەهۆڵێکی جیاواز بێ لەوی کە ئێمە دەیبیستین، سەرەڕای نەگونجاوی و نەسازانی لەگەڵمانا گەرەکە لێیگەڕێین تا بەدوای ڕیتمی خۆیدا بڕوا )٢. کاتێ زەلزەلەو شۆڕشی دەنگە جیاوازەکان لەنێو خەلکا دەجمێ، وەک بڵێی مرۆڤەکان لە ئەگلەنجەو هەڵپەڕکێیەکدا بەشدارن، بەلام هەر یەکەو هێدی ئایفۆنەکەی لەگوێ خستووە، بە گوێرەی ئاهەنگوو تۆنی بیستراو، بەشداری سەماو هەڵپەڕکێکە بکەن وایە. لێرەدا جیاوازییەکان دەگەڕێنەوە بۆ سەرچاوەی تۆنی نێردراوو شێوازە جیاوازەکانی پێشوازیکردنوو شیکردنەووەییەتی لە مێشکی هەر یەک لە بەشداران. هەربۆیە ئێمە بە شێوەی جیاواز لەنێو شتەکاندا دەژین. دەشێ یەک سەرچاوەی نێرەر لەئارابێو مرۆڤەکانیش بەشێوەی جیاواز تیایدا بژین. هەرچەندە هەندێ شتی بناغەیی هەییە چۆن لە پێکهاتەی مێشکدا یەکمان پێدەگرێتەووە، بەشێوەییەکی ڕێژەیی دەتوانین بڵێین کە تامی کەباب و شەربەت خۆشە، دەنگوو چریکەی بلبل، بۆنی عەترو گووڵ، بینینی پەلکەزێڕینە، ئێشی دڕکوو سوتان یا نەرمی ئاوریشم، لەوانەییە بەشێوەییەکی گشتی تیاژیانوو دەرکمان لێک نزیک بێ لەو شتانەی کە ڕەچەی قولی لەناخمانایە، لەگەڵمانا هاو بوونە. تا ئەو کاتەی کە شتەکان خۆیان لەبەردەم موزایەدەو پێوەنانوو گڵدانەوەدا نابیننەوە دەشێ ڕێژەییەک لە نزیکی بەدیبێ بۆ شیرنی، تاڵی، تفتوو  سوێرەکانی ژیان. بەلام ڕاهاتنی بیر، لەکاژچوونی لەهەندێ سەردەموو شوێنوو پرسی دیاریکراودا دەشێ وەلامدەرەوەییکی موکوم نەبێ، بیرمان بە هانامانەوە نەیێ بۆ پێکانی ڕاستی و زانینی درووست. ئەم بەسەرهاتە زیاتر باسەکە ڕوونتردەکاتەووە کاتێ لە یەکێ لە کەنیسەکانا بەشێوەییەکی بەردەوام هەفتانە لەفێرگەکەیدا منالان بۆ پەروەردی دینی، بۆ ئاشنا بوون بە ژیانی عیساو پەیامی لاهوتیی کۆدەبوونەوە. هەندێ جار پرسی لابەلا، دوور لە دین بۆ خۆشی و تاقیکردنەووەی زەینی دەورووژێنرا: جارێ قەشەیێ بەو مەبەستە لە مناڵەکان دەپرسێ: کێ دەزانێ ئەوە چییە کە جوتێ گوێچکەی قوتی هەییە، دارەوانە، دانی تیژە، حەزی لەگوێزە، پشتی بۆرە، بنزگ زەردەو خاوەنی کلکێکی کوڵکنوو درێژە؟ مناڵەکان بەکری و حەپەساویی و بێدەنگییەوە لە مامۆستاکەیان دەڕوانن. قەشەکە ڕوو لە یەکێ لە مناڵەکان دەکاو پێی دەڵێ: تۆ دەزانی ئەمە چییە؟ مناڵەکەش لەوەلاما دەڵێ: لەگەڵ ئەوەی دڵنییام کە دەزانم تۆ مەبەستت عیسای پەیامبەرە، بەلام بەگوێرەی وەسفوو تاریفەکانی تۆ کردت هەر لە سمۆرە دەچێ. لێرەدا وەرگێڕانوو شکانەوەی ڕاستییەکان لە زەینی هەر یەکێکمان بەوشێووەییە شرۆڤەدەکرێ کە پێی ڕاهاتووین. تێبینی دەکرێ لەوانەییە کۆمەڵێ خەلک لەشارێکدا دەژین، بەلام هەریەکەیان بەشێوەییەکی جیاواز تیایدادەژیێت. بۆ نموونە کاتێ یەکێ باسی شاری هەولێردەکات وەک بڵێی باسی کەبابوو شفتەو گیپەی کوردی دەکات، کاتێ دێژێ هەولێر زۆر خۆشە(٣). لەسەرێکی تردا غەریب نییە خەلکانێکی زۆر هەبن، بەم هەستە لەم شارەدا نەژیێ و خۆشی لە سەرکوتوو سانسۆروو گرانیوو هەژاریدا نەبێنێتەووەو بە شاری زاموو زەبروو دابڕانی دەستەلاتوو خەلکوو زۆرداری بزانێ. تیاژیانوو وێناکردنمان، بێ شووماروو بێ ئەوپەڕڕە، لەوانەییە نوسەرێ باسی هەوڵێری لە مێشکییا لە شرۆڤەییەکی ئابوری سیاسیدا بە وێرانی شارەکاسنی تر  گرێدابێ(٤). لەوانەییە سیاسەتمەدارێ، شێوەرمەندێ بە ئێرەیی و رق، هەندێکی تر بە بەخشندەیی و میهرەبانی یا بەبێ لاییەنی تییایدا بژی. کەچی لە ڕاستیدا شتەکانیش وەک مرۆڤ بە هەموو دەورووبەری ئیکۆلۆگی خۆییەوە گرێدراوەو هەر ئەوەییە کە هەییە. ئەوە ئێمەین بەگوێرەی ئەنگیزەکانمان تییایدا دەژیێن. بۆیە زاڵکردنی یەک ڕووانگە، پەیوەستکردنی ژیان بەیەک پێناسە، بە هەولێکی ئیرادەگەرانە، بە ئەفسانەکردنی واقیعی ژیانمان دەژمێردرێ، بەڵکوو تاکی مرۆڤ هێند بە قولی جیاوازوو فرەلاییەن لە شتەکاندا دەژیێ. بۆیە دەربڕینی ( زۆر خۆشە یا مایەی وێرانی شارەکانی ترە) پەیوەستە بە لینکی بیرۆکەو تیاژیانی ئەم دووە، فەرزوو گشتاندنی تیاژیانمان بۆ شتەکان ڕەنگە بۆ خۆمان درووستبێ بەلام ناشیێ بۆ دەرەوەی خۆمان لە هەمان ئاستابێ.
١:سەرچاوە: لاپەرە ١٦.
Välkommen till din hjärna
SANDRA AAMODT  OCH SAM WANG
٢: لاپەڕە ٣٥
VEM GRÅTER VID DIN GRAV?
ROBIN SHARMA
٣: (شارى هةولير زؤرخؤشه)    
Facebook
٤: بەختیار عەلی

ليست هناك تعليقات: