کوردۆپیا
ئایا سیمای شارستانییەتی ولاتی دووئاوان لەچیدایە؟ کاتێ بۆ پێکەوە هەڵکردنی دژەکان زێرەڤانی و تێڵای دەستی بڕندەییان کرابێ بە ئامرازی چەسپینوو نوسانەوە، کاتێ بیرۆکەی ئەوانی تر بە سوتانی کیتاب و سانسۆر وەلام دەدرێتەوە، کاتێ خۆشەویستی لە ولاتێکدا نەفیکراوە، لە ئاوارەییش هەر لەسێرەی دڵرەقیا مرێندراوە. شارستانییەتی دێرینی شەڕوو عەرشی کەلاوەی پاشاکانی ساسانوو خەلیفەکانی مەرگوو تاڵان، شوێنی ناشتنی پیاوە دڕەکانی مێژوو، کەڵترین پاشای تیادا دیلدەکرێ و لە مافووروو بەڕەی ژێرپێیان دەپێچرێتەوەو هەر بە پاژنەی نەعلی ئاغای خاوەن شمشێری بڕندە دەکوژرێ، دەبێ پێگەی پتەوەی ئەم ژیارە، هێزی ئەم شارستانییەتییە لەچیدابێ؟ کاتێ ڕقوو گولەو ئاگروو تیژی خەنجەروو شووژن ئامرازوو ئەڵتەرنەتیڤبێ، ئۆتۆپیای بێ فەزیلەت، خەیاڵوو خەونی مردووی تیادا بپەرسترێ. ئەوەنییە عیدمیلاد بۆ مردوو دەکەین، پیاوە زەریفوو ماقوولەکانمان جوتەفڕکێیانە بۆ سەر مەزار. ئەوە نییە پۆلیسوو زێرەڤانی خەلک دەکوزنوو حاکمەکانیش خەلک سزادەدەن، ئەوەنییە حوکمەت و پەرلەمان لەبەر خاتری سەرۆکوو کوڕوو خزمەکانی سیاسەتی ئەزبەنی و تیۆری ئەز خولام، بەڵێ گەورەم ، پەیڕەو دەکەن. لەم دەڤەرە ئازادەی ئێمەدا کێ دەوێرێ بێ پرس شوێنی وێنەییەک بگۆڕێ، بۆ تیفساڵی شارستانییەتی مەرگی بێجوولەو تەبایی بێدەنگی و بێ هەستی ولاتی خەنجەری کولوو کەوی کوژراوو، هەموو ڕێکینوو خاوەنی پلانوو ستراتیجییەتین، زبڵمان لێ دەبێ بە گەنجی قاروونوو بەدوونیای نادەین، گریانوو گازاندەو هاوارمان لەجێی خۆشی دامەزراندووە، بیری لێکەرەوە ئەمە دلۆپێکە لەدەریایەک عەجەب، چەند سەیروو سەرسووڕێنەرە کاتێ ڕۆشنبیرەکانمان خەریکی ڕێزکردنی وشەن ڕۆمانوو شیعروو فەلسەفە تێکەڵدەکەن، ئیختیساسوو تایبەتمەندی سونووری شکاوە، زڵیاو پڵیاوێکی وایان لێ سازکردووە مەگەر هەرخۆیان سەری لێدەرکەن، ژیان توحفەی وەک ئەوەی لەمەڕ خۆمانی بەخۆوە نەدیوە، کەس لە ئیشوو هەڵسووڕانی مەیدانی ناپێچێتەوە، وادەزانرێ کاری خەراپوو شەرماوەروو پڕعەیبە ، کەسی موفەکیر نابێ خۆی لە ئیشی گەجەروو گوجەری کۆڵانان هەڵقورتێنێ، دەبێ هەر خیتابوو مەوعیزەیان بۆ بنێرێ، گوتاری جوانیان بۆ بنووسێ، ئەوان نهێنییەکانی ژیانان کەشف کردووە، خۆ سەردەمی رووزا و گیڤارا بەسەرچووە، ڕۆژگاری دەفتەروو بلۆکە، سەردەمی پاسەدانی بۆچوونەکانی لێرەمەنتۆفە ئەمڕۆ. بەتەڵی ئەم زەمانە نە ئاشقی هەسپە، نە بەهرەی قوماروو گەمانی هەییە، دراو واتای گەورەی هەییە، پارەی لا ژیانە سەعادەییە(١)، نازانم تۆ ڕات چییە لەمبارەوە، ئایا ئەمانە بەلای ئێوە، عەجیبوو غەریب نییە؟
١: ئەمە پێناسوو دەربڕینی یەکێ لە بازرگانوو دەوڵەمەندە تازەکانی کوردستانە بۆ پارە.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق