١٠/١٥/٢٠١١

سەکۆی ئازادی هەولێر

دەبڵ دیموکراتی!
گۆڕان و نەگۆڕانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئانوو ساتدایە، بەگوێرەی ئەوەی كە زانراوە، چارەنووسی ئەم نیوخولە لە حكوم هێشتا نەدراوە بەكەس و تائێستا روون نییە، سەرۆكی هەرێم لەمبارەیەوە چی نوتوق دەكات. هەرچەندە سەرۆكی حكومەت تەنها بەجەستە لە هەولێرە،  ماڵەكەی و ژوورەكەی لە یەكێ لە كۆشكەكانی حكومەتە لەوێ، زۆر بڕیارو قسەش دەردەبڕێ و وتەو پێشنیاری زۆر بەجێو ماقوڵ لەسەر ئیدارەكردن و پێشخستنی هەمەكی دەردەبڕێ. بەڵام ئەوەی جێی تێبینییە لەزورگوبەستێنەكانی بادینان و هەولێر لەبەریدەڕواو هیچی لێسەوز نابێ تا لە چەقێن و هەڵەتەكانی پشتی كەسنەزان و هەنارە دەربازی دەبێ لە ناوچە گردۆڵكەییەكانی وڵاتی كۆیەوە ژیوەڵەدەبێ و حیسابێ بۆ قسەو پڕۆژەكانی دەكرێ. لاری لەوە نییە كە رۆشنبیریی سیاسی و كۆمەڵایەتی و توانای گوتاربێژی و لێهاتوویی دكتۆر بەرهەم لەبوارە جیاكانی ئیدارەدا شتێكی بەرچاوەو نوكوڵی لێناكرێ، بەڵام زانینەكانی ئەم بەڕێزە بێهودەیە لەسای سەری نەخۆشی قوڕخە سورە و قوڕخە سەوزە، كە جفرقی لە سیاسەت و ئیدارەدا بڕیوە.
یەك شت هەیە كە شایەن بەوەیە كۆمەڵانی خەڵك دڵی خۆیانی پێخۆشكەن، ئەویش ئەوەیە كە لەدونیادا پرۆسەی هەڵبژاردن تەنها یەك خولی گۆڕان و دەستاودەستی دەسەڵات دابیندەكات، بەڵام لە كوردستان لە یەك دەورەدا دووجار دەسەڵات دەستاودەست دەكرێ، ئەمەش موكتەسەباتێكی قیادەییە بۆ قاعیدە، كە شیاو بە خۆهەڵكێشان و دەسماڵبادانە بۆ هەندێ. دەكرێ بە شازی دیموكراتییەت ناوزەندیكەین.
دەبێ باسی ئەوەش بكرێ لەم خولەدا حكومەتی كوردستان بۆجاری یەكەم تائەندازەیەكی باش زمانی ژمارەی بەكاربردووەو لە پەرلەماناداو كەیسەكان بە ئامادەیی ئۆپۆزسیۆن تاووتۆ كراوە، كەم تا زۆر تیشك و رۆشنایی خراوەتەسەروو وەك پێشوو هەروا بە پەنهانی و لەتاریكی شتەكان بەڕێوەنەچوون، ئەمەش جیاكەرەوەی ئەم نیوە خولەیە لە هی پێش خۆی، پێشتر لەژوورە داخراوەكان بڕیار لەسەر بودجەو داهات دەدرا، بەبێ ئەوەی هیچ گرفتێك بۆ دەسەڵاتی پێشوو دروست بێت، شتەكان وەك سەعاتی عەباسی دەچوو بەڕێوە. ئەم زاتە توانی تا رادەیەك ئەم خولە سەختە دووساڵییە بەسەربا لەگەڵ ئەوەی دووساڵی پڕ تەنگەژەو قەیرانی ناوخۆو دەرەكی بوو زۆر هەڵەی زەقی حكومڕانی تیادا ئاشكرابوو.
لێرەدا زۆر درامای سیاسی و كۆمەڵایەتی مەزن لە شارەكانی كوردستان روویدا، زۆر پەروەندەی خوێناوی لەسەركوتی خەڵكو روناكبیران بەكراوەیی ماوەتەوە، زۆر فایلی قەوارە ئەستووری گەندەڵی و ناپاكی هەروا لە رەفە نراوەو هەوڵی خەواندنوو بێشوناسكردنی دەدرێ. بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێ لەسەر چارەنووسی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، بەگوێرەی گفت و مافی رێككەوتن لەسەركراوی كوالیسیۆنی دەسەڵات، كە گەرەكە بە نۆرەو بەگوێرەی زەمان و سەعاتی خۆی بەڕێوەچێ، گۆڕینی سەرۆكی وەزیرانە.
لە كوردستاندا ئەم دراما سیاسییە پێیدەگوترێت دەستاودەستكردنی دەسەڵات. بێگومان سواربوونی كورسی حكوم وەك دابەزینی نییەو شتەكان هەروا بەنەگۆڕی نامێننەوە، دەشێ كار لە كێش و هاوسەنگی كەس و لایەنەكان بكات و هەروا بە یەكسان دەرنەچن، ئەگەرچی ماوەی حكومڕانییان یەكسانیشبێ. ئەوەی تێبینی دەكرێ لەم بارەیەوە بانگەشە بۆ سەرگرتنی ئیرادەی جەماوەرو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەكرێ.
كەچی لەراستیدا سودفەو قەدەرێ دەمان سوڕێنێ تا ئەمڕۆ شتەكان بەگوێرەی حەزو بەرژەوەندی جەمسەری قورخكاری سەرەكی و پاشكۆكەی بەڕێوەدەچێ، بانگەشەی ئەوەدەكرێ كە لەپێناو زیادكردنی متمانەو گێڕانەوەی ئاشتی بۆ نێو ماڵی كوردە، بۆ بەسەرئەنجام گەیاندن و بردنەسەری ئیتیفاقی ستراتیجیی دوای شەڕی ناوخۆیە. بەڵام نەك پەیمانی بەناو ستراتیجی، بەڵكو دەستەواژەی پەیمانی دیگیتاڵ های كواڵیتی بان ستراتیجیش ناتوانێ متمانەو هاوكاری لەنێوان دوو هێزدا دروستكات كە دەربڕی ویستەكانی جەماوەری خۆیان نین، بەڵكو دەربڕی مانۆڕی بێهۆشكردن و گێژكردنیانن. ئەم خولانەوەیەی دەسەڵات وەك گەمە كۆنەكانی  موبارەك و نەژاد و بەشارە، هەوڵی چاندنی وەهم و خورافاتن لەدونیای سیاسەت و ئیدارەدا. هەربۆیەش تەنهاو تەنها گۆڕینێكی رواڵەتی لەئارایەو گەرەكیانە وەك دەستكەوتێكی مەزنی مومارەسەی دەبڵ دیموكراتی لێیان وەرگیرێ.
هەڤاڵ سەید حەسەن

ليست هناك تعليقات: