١٠/١٥/٢٠١١

سەکۆی ئازادی هەولێر

ژیان وەک ئەڵتەرنەتیڤ!
سەرەڕای بوونی باڵەخانەو بازاڕە فراوانوو فرەنهۆمییەكانی شار، سەرەڕای بوونی دەیان كۆلێجی حكومی و ئەهلی، بوونی زۆرترین ژمارەی وەزارەت، پارەی داهاتی زۆری نەوت و بازرگانی و گەشەی هاوردەو نێردەی سەرمەرزەكان، بودجەو هەناردە دراوییەكان و كۆدە كورتەكانی ئاسانكەرەوەی ژماردن، وەك تریلیۆنە بلۆكییەكانی خەزینەی كوردستان كە بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتوانی هەرێم و سەقامگیری باری ئاسایشی مادی و مەعنەوی كۆمەڵگە تەرخان كراوە، كەچی هەروا خەلكی كوردستان لەژێر نێڵەی بێكاری و دابڕانێكی كوشندەدادەژین، ئاستی تەنگەژەو تاوان لەبەرزبوونەوەدایە.
دامەزران بە شەرت و مەرجێكی گونجاو لەگەڵ پێداویستییەكانی رۆژ و رادەی هەڵاوسانی نرخ، بۆتە خەونی زۆربەی هەرە زۆری لاوان، كورتهێنانی شێوازەكانیی پەروەردە و فێربوون لەنێو بەشی هەرە زۆری خەڵك بۆتە مایەی نیگەرانییەكی قوڵ و زۆرجار سەرەنجامی تراجیدی زۆر خەمناكی لێدەكەوێتەوە. لە ساڵانی پێشوودا لەهەولێری پایتەخت باسی خۆكوژی كچان و ژنان دەكرا و گلەیی لە پەرەێمز و چیت و جەلسەی نایلۆنی دەكرا كە زۆر دڵڕەقانە لەشولاری ناسكی سەدان شۆخ و خانمی ئەم شارەی لەگەڵ خۆیا كرد بە قەرەبروتوو خۆڵەمێش، دیارە رەهەندی ئەم لۆژیكە روون و ئاشكرایە و گرێدراوە بە هۆكاری نامرۆڤانەی بێنەفس، كە هەموو خەتاكە بۆ پەرەێمزی سەقەت و نایلۆنی خێراگڕگرتوو دەگێڕێتەوە.
ئەمڕۆ لەگەڵ كوژرانی هەشت كەس و بڵاوبوونەوەی دیاردەی خۆكوژی لەنێو گەنجانی شاری هەولێر لە ماوەی هەفتەیەكدا، لەوانەیە خەتاكە بۆ عەرەب و پەتك و گوریسە مەلعونەكان بگێڕدرێتەوە كە بە مل و رۆحی كوڕوكاڵی ئەم دەڤەرە فێربووە. هەرگیز كۆتایی بەژیان هێنان چارەسەری هیچ گرفتێ ناكات، تەنها بەمانای كوشتنی ئێشە بە ژان و ئازاری سوتانێكی كوژەرتر لەخۆی. بەدەر لە توول و تەفسیری هەندێ لە شرۆڤەوانە دەروونی و كۆمەڵایەتی و سیاسییەكانی لەمەڕ خۆمان، كە زۆربەی كێشەكان لەتوێكڵی ئینسانە خۆكوژ یا كوژەرەكەدا شیدەكەنەوە و گلەیی و گازاندە لە بێتوانایی و بێورەیی ئەو گەنجانە دەكەن، بەبێ ئەوەی بە تەسەلی لەهەموو كەشی درامای لەدەستدانی گیانی لاوان ئاگاداری بدەن بە دەستەڵات و دەزگا بەرپرسەكان و بەوردی تەواوی هەلومەرجی ژیانی خانەوادە هەژار و خاوەن پێداویستییەكان بخەنەڕوو، باری دەروونی گەنجان، پێكهاتەی كەسایەتییان باری كۆمەڵایەتیان، فەرهەنگی باو عورف و یاساكان، روونكرێتەوە، هەروەها لە تەواوی خولیا و ویستەكانیان بكۆڵدرێتەوە و دەستنیشانی عەیب و عارو كەلەنە كوژەرەكان بكرێ.
باسەكە بەلای بێهیوایی و چەند رووداوێكی ریزپەڕدا دەبردرێ. دیارە ئەو حاشییە ئازادەی كە لەشارەكانی كوردستان بۆ گەنج فەراهەمكراوە، شێورمەندو موفەسیرەكانیشمان هەر بە ئەندازەی ئەوان رێگە و بواری بەدواداچوونی ئەم پەروەندەیەیان پێدراوە. لە نمونەی ئەو پەرچ و پینە رێگەپێدراو و بڵاوانە ئەوەیە كە ئەمڕۆ گەنج دەتوانێ سێكس بكڕێ لە بازاڕ و ماڵی لەشفرۆشان، بۆی هەیە توشی ئاڵودەیی رووحی و بەدمەستی و موعتادیش بێ، بۆی هەیە ببێ بە هەڵگری جۆرەها ڤایرۆسی كوشندەی جەستەیی و گیانی وەك ئایدز. بۆی هەیە شەڕ بكات لەگەڵ برادەر و هاوشارییەكانی وەك نەریتێكی كوردانەش شكاتی گچكە و كۆمەڵایەتی عەیبە ببردرێتە مەحكەمە، بەڵام ئەگەر كوشتنی تیابوو ئەوا بە سوڵحی عەشایەری چارەی بۆ دەدۆزرێتەوە.
گەنج بۆی هەیە قۆپییە لە خوێندن بكات ئاساییە لە كتێبخانە و چاپخانەكان فلاش و قەڵەم و وێنەی بچوككراوە بكڕێ، بەڵام گەر گیرا خوێنی لەسەر خۆیەتی زۆر سەختە سزاكەی، بۆی هەیە هەموو شتێكی راستوو درۆی ئەم شارو وڵاتە ببینێ، بەڵام بۆی نییە توانج بگرێ‌ و نارازی بێ، بۆی نییە خۆپێشاندانێكی سەربەخۆ بەڕێوەببات و داوا و خواستەكانی خۆی ئازادانە بخاتە روو، بۆی نییە دڵداری بكات و شانازییەكانی خانەوادەی كورد و بنەماڵە و حوكمڕانی لەكەداركات، بۆی نییە تەعلیق لە مەلها حكومی و ئەهلییەكان بدات كە هەلومەرجی تەندروستی تیادا بەرجەستە نییە و تەنها قازانجی ماددی تیادا رەچاو كراوە.
گەنج بۆی نییە بەبێ واستە و بەبێ منەت و مەرایی بۆ خودا پێداوان، لەسەر بنەمای لێهاتوویی خۆی دامەزرێ، خوێنەری خۆشەویست دەكرێ چاو بەدەوری خۆتا بگێڕی لەسەر رەوشی ناتەواوی لاوان سەرنجەكانت چڕكەیتەوە، دەزانی كە لاپەڕەی هەموو رۆژنامەكانی هەرێم، پڕكەینەوە بە مەمنوعات و مەرغوباتەكانی باوی نێو گۆڵمەزی گەنجان، هێشتا ناكاتە دڵۆپێ لە دەریای راستییەكانی ئەم باسە، لەهەر رشتە و بەشێكی ژینگەی كوردەواری وردبینەوە و بەدواداچوون بۆ پێگەی گەنجان بكەین، رایەڵە و پۆی باسەكە روونتر دەبێتەوە  لەمپەرە رووحی و مادییەكان باشتر دەردەكەون. گەندەڵیی و ناسازیەكان هێندە كۆن و خاوەن دەسەڵاتێكی دۆگمن، بەبەردەوامی گوشار دەخاتە سەر توێژی لاو كە هەروا بێدەنگ و بێڕەوت نەمێننەوە و تەواوی شتە سەقەتەكانی كۆمەڵگە لەژێر پرسیار دابنێن.كە بە دەنگی بڵند بیریانكردەوە هەڵوێستیان بخەنەڕوو، ئەوسا باشتر لێیان حاڵی دەبین و دەزانین:  بۆ ئەم وڵاتەی ئێمە بۆتە شەوەزەنگ بۆ گەشترین و گەنجترین چاوەكان؟، بۆ شتەكان وشك و بێتامە بەلای لاوانەوە و قابیلی قبووڵكردن نییە و ناتوانن خۆیان لە توێكڵی هزر و بزاڤی كۆنینە بهێڵنەوە؟ خۆسوتاندن و خۆخنكاندنی لاوان بەمانای ناڕەزایەتی و شێوازە پرۆتێستێكی خۆشكێنەرانە دێتەوە و بەڵگەی بوونی رێژەیەك لە بێسەرووبەری و بێئاگاییانە لە كار و خەباتی جۆشاوەری بەكۆمەڵی گەنجان لەپێناو ژیانێكی باشتر و ئازادتردا.
ئەگەر ئەمڕۆ بەشێكی زۆر لە گەنجان نەزانن نیگەرانییەكانییان بە ئاقارێكی تەندروستدا ببەن، لەبەر هۆكاری ترس و كەم شارەزایی، بەڵام بەشێكی زیندو و پێشەنگ لەئارادایە كە هەموو كلتوور و عورف و شێوازە دڵڕەق و فاسیدی كۆن لەژێر پرسیاردا دادەنێ، دەزانێ برینداربێ یا زیندانیكرێ لەسەر خواستە رەواكانی پتر جێگەی شانازی و رێزە، چێژی سەروەریی و كەڵژیانی و شەرەفی رووبەڕووبوونەوە لەپێناو داواسادە و ئینسانییەكانی زۆر پێ میهرەبانەترە و چێژی ژیانی پێدەبەخشێ، لەوەی خۆی بخاتە ژێر رەحمەتی پەت و ئاگر و دەخالەتی لە ئەلتەرناتیڤێكی سلبی و لاواز بكا، كۆتایی بەژیانی خۆی بێنێ هەروا بەسادەیی.
هەڤاڵ سەید حەسەن
سەرچاوەی بابەت

ليست هناك تعليقات: